لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بان کی مون، سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دڵگرانی خۆی نیشاندا کە بەهۆی کەمی کاتەوە نەیتوانیوە سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.
ئەمڕۆ دووشەممە 30ـی 3ـی 2015، بان كی مون، سكرتێری گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە كرد.
لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان دڵگرانی خۆی نیشاندا كە سەرباری ئەوەی زۆری پێخۆشبووە، بەڵام بەهۆی كەمی كات نەیتوانیوە سەردانی هەرێمی كوردستان بكات.
هەروەها پیرۆزبایی لە بارزانی كرد بە بۆنەی سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە بەرامبەر چەکدارانی داعش، سەرەخۆشیشی لە خانەوادەی شەهیدانی پێشمەرگە كرد و ستاییشی رۆڵی هێزی پێشمەرگەی كرد لە شكستدانی داعش.
هەر لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان دەستخۆشی لە خەڵك و حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد، كە یارمەتیی ئاوارە و پەنابەرانیان داوە و رایگەیاند، كە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان هەوڵدەدات بەردەوامبێت لە هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان بۆ حەواندنەوەی ئاوارەكان و ئاستی هاوكارییەكانیش زیاتربكات.
بەپێی راگەیێندراوێكی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، لە بەشێكی دیكەی ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا بان كی مون، خۆشحاڵیی خۆی نیشانداوە كە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لە قۆناغێكی باشتردان و هەوڵەكان بۆ چارەسەربوونی گرفتەكان بەردەوامن.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر