۱۳۹۴ فروردین ۱۰, دوشنبه

شاندەکەى ئیمرالى نامەکەى ئۆجەلانیان گەیاندە دەست تاڵەبانى

شاندى دانوستانکارى هەدەپە نامەکەى عەبدوڵا ئۆجەلانیان لە زیندانى ئیمرالییەوە گەیاندە دەست جەلال تاڵەبانى و گفتوگۆش لەبارەى پرۆسەى ئاشتییەوە کراوە. شاندەکە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەى قۆناغى چارەسەرییەوە، سەردانى مەسعود بارزانى و قەندیلیش دەکەن.

شاندەکەى هەدەپە لە هەر یەک لە سڕى سورەیان ئۆندەر پەرلەمانتارى شارى ئەستەنبول، لەیلا زانا پەرلەمانتارى شارى ئامەد و نیلوفەر کۆچ هاوسەرۆکى کۆنگرەى نەتەوەیى پێکهاتبوو.

نیلوفەر کۆچ ئەندامى شاندەکە بە ئاژانسى ڕۆژ نیوزى ڕاگەیاندووە: شاندەکە زانیارى لەبارەى قۆناغەکەوە خستەڕوو. باسیش لە گرنگیى سازدانى کۆنگرەى نەتەوەیى کرا. نامەکەش لەلایەن شاندەکەوە ڕادەستى مام جەلال کرا.

ئاماژە بەوەشکراوە شاندەکە لە سلێمانییەوە دەگەڕێتەوە بۆ هەولێر و چاوى بە مەسعود بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان دەکەوێت. هەروەها گفتوگۆش لەبارەى قۆناغەکەوە دەکرێت. ئەو نامەیەى کە ئۆجەلان بۆ مەسعود بارزانیى نووسەوە لەلایەن شاندەکەوە بە سەرۆکى هەرێم دەدرێت.

بڵاوبوونەوەى ئەو هەواڵە لە کاتێکدایە شاندى دانوستانکارى ئیمرالى دوێنى گەیشتبوونە هەرێمى کوردستان و ڕایانگەیاندبوو: لەگەڵ ئەوەى نامەکەى ئۆجەلان بە تاڵەبانى و بارزانى دەگەیەنن، زنجیرەیەک دانوستانیش لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و کەسایەتییەکانى باشوورى کوردستاندا ئەنجام دەدەن.

هەروەها ئاماژە بەوەشکراوە شاندەکە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەى قۆناغى چارەسەرییەوە سەردانى قەندیلیش دەکات.

پرۆسەى ئاشتیى ئیمرالى بۆ چارەسەرکردنى کێشەى کورد بە خوێندنەوەى یەکەم پەیامى ئۆجەلان لە نەورۆزى ساڵى ٢٠١٣دا دەستیپێکردووە. تاوەکو ئێستا دوو پەیامى دیکەى ئۆجەلان، لە نەورۆزى ساڵى ڕابردوو و ئەمساڵدا لە شارى ئامەد بۆ سەدان هەزار کەس خوێندراوەتەوە. لە پەیامەکاندا باس لە چارەسەرى ئاشتییانە و سیاسییانەى کێشەى کورد لە باکوورى کوردستان کراوە.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر